چاپکردن

18%ـی ئافرەتانی هەرێم جگەرە دەكێشن

بە گوێرەی دەرەنجامی ڕاپرسییەك كە ڕێكخراوی تەندروستیی ژیان ئەنجامی داوە، ئافرەتان 18%ـی جگەرەكێشانی هەرێم پێك دەهێنن.
سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستیی ژیان، قاسم عەزیز ئاشكرای دەكات كە 43%ـی جگەرەكێشەكانی هەرێم ئەو گەنجانەن كە تەمەنیان لە نێوان 15 تا 25 ساڵدایە.
بە گوێرەی ئەم ڕاپرسییەی ڕێكخراوەكەیان كردووەیەتی، جگە لە ئافرەتان كە 18%ـی جگەرەكێشانی هەرێم پێك دەهێنن، 32%ـی پزیشكانیش لە هەرێم جگەرە دەكێشن.


وێڕای پزیشكان، زانایانی ئایینیش لە هەرێمی كوردستان جگەرە دەكێشن و 3%ـی جگەرەكێشەكان پێك دەهێنن.
هاوكات بە پێی ئەم ڕاپرسییە 36%ـی گەنجان نێرگەلەیش دەكێشن.
بە هۆی كێشانی ئەم هەمووە جگەرەیە ساڵانە 20 ملیۆن دینار دەكرێتە دووكەڵ و دەسووتێت. ئەمەیش لێكدانەوەی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانە كە قاسم عەزیز ئاماژەی پێ دەدات. سەرۆكی ئەم ڕێكخراوە، پێی وایە، بوونی ئەم هەمووە جگەرەكێشە لە هەرێمدا جێگەی سەرسووڕمانە و زەنگێكی مەترسیدارە بۆ تەندروستیی گەنجانی كورد.
بە گوێرەی ئامارەكانی تەندروستی لە پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر لە حەوت ملیۆن و 500 هەزار كەس جگەرە دەكێشن و بەهۆیەوە زۆرینەی ئەو جگەرەكێشانە دووچاری گرفتی تەندروستی دەبنەوە.
هەرچەندە یاسای قەدەغەكردنی جگەرەكێشان لە شوێنە گشتییەكان لە ساڵی 2008ـەوە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی دكتۆر خاڵس قادر ئاشكرای دەكات كە تا ئێستا هیچ كەسێك لەسەر جگەرەكێشان لە شوێنە گشتییەكان سزا نەدراوە.
بەگوێرەی یاسایەكە هەر هاوڵاتیەك كە لە شوێنە گشتییەكان جگەرە بكێشت، 10 هەزار دیناری وەك سزا لێ وەردەگیرێت، هاوكات ئەگەر لە شوێنە گشتییەكانی وەك كافتریا و چێشتخانەكان جگەرە بكێشێت، وەزارەتی تەندروستی دەتوانێت 50 تا 500 هەزار دینار سزا بدات.
بازرگانیی جگەرە
بە گوێرەی ماددەی پێنجی یاسای قەدەغەكردنی جگەرە، پێویستە پاكەتی ئەو جگەرانەی هاوردەی هەرێم دەكرێن، ئامۆژگاریی تەندروستیان بە زمانی كوردی لەسەر بنووسرێن، بەڵام ئەمە تا ئێستا لە هەرێم جێبەجێ نەكراوە و جگەرە بەبێ جێبەجێكردنی ئەم مەرجەیش هاوردەی هەرێم دەكرێت و كەس ڕێگەی لێ ناگرێت.
بەڕێوبەری هەناردە و هاوردە لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ئیسماعیل محەممەد جێبەجێكردنی ئەم مەرجانە بە كاری خۆیان نزانێت و دەڵێت "كاری ئێمە تەنیا مۆڵەتپێدانە بە هێنانەناوەوەی جگەرە."

لە بۆشایی جێبەجێنەكردنی یاسای قەدەغەكردنی جگەرە، ڕێكخراوی ژیانی تەندروستی بە هاوكاریی بەڕێوبەرایەتی پاراستنی تەندروستیی هەولێر هەڵمەتێكی 10 ڕۆژە بۆ وشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسییەكانی جگەرە و نێرگەلە بە ڕێوە دەبەن كە ساڵانە زیاتر لە شەش ملیون كەس لە جیهاندا دەكاتە قوربانی.

پاشخان
• ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان 5 ملیار و 600 ملیۆن جگە رە دەکێشرێت.

• ئەگەر ڕۆژانە 2 پاكەت جگەرە لە هەرزانترین جۆر بكێشرێت، بڕی دۆلارێك و نیوت خەرجی دەبێت كە مانگانە 45 دۆلار و ساڵانە 540 دۆلاری تێدەچێت، ئەگەر حیسابی 10 ساڵیش بكەین، پێویستە 50 هەزار و 400 دۆلار لەو جگەرە هەرزانە خەرج بكەی.

• مێژووی هاتنەكایەی جگەرە بۆ 5 هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە كە تووتن لە ئەمەریكا دوزرایەوە، هیندییەكانی هەردوو ئەمەریكای باكوور و ئەمەریكای باشوور، یەكەمین كەس بوون كە تووتنیان چاند.
• 31ـی 5ـی هەموو ساڵێك بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە دانراوە.

from hawler.in

باشترین خزمەتگوزاری لە بواری تەندروستی دا