چاپکردن

حه‌بی‌ هۆشبه‌ر ده‌برێته‌ ناو به‌ندیخانه‌یه‌كی‌ سلێمانی‌

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ چاكسازی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گه‌ورانی‌ سلێمانی‌ ژنێكی‌ تۆمه‌تبار ده‌ستگیر ده‌كات كه‌ ویستوویه‌تی‌ چه‌ند پارچه‌ حه‌ب و كه‌لوپه‌لی‌ قه‌ده‌غه‌كراو ببات بۆ مێرده‌ سزادراوه‌كه‌ی‌ له‌ به‌ندیخانه‌دا.
شوان عه‌بدوڵڵا تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌ری‌ چاكسازی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گه‌ورانی‌ سلێمانی‌ ڕایگه‌یاند؛ دوابه‌دوای‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ له‌سه‌ر سزادراوێك كه‌ خه‌ریكی‌ كاری‌ حه‌ب فرۆشتن و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ حه‌ب بووه‌ له‌ناو بنكه‌ی‌ چاكسازی‌ گه‌ورانی‌ سلێمانی‌ و وه‌رگرتنی‌ زانیاری‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ دێن بۆ لای‌ و سه‌ردانی‌ ده‌كه‌ن له‌ به‌ندینخانه‌، توانیمان دوای‌ هه‌وڵێكی‌ زۆری‌ كارمه‌ندان و چاودێرانی‌ بنكه‌كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ حه‌به‌كه‌ی‌ بۆ دێنێت دیاری‌ بكه‌ین و ده‌ستگیری‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌ویش له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ حه‌بی‌ بۆ دێت له‌كاتی‌ سه‌ردانی‌ بۆ لای‌ مێرده‌كه‌ی‌.
وتیشی‌: "خێزانی‌ سزادراوه‌كه‌ حه‌به‌كانی‌ له‌ناو بنی‌ بابوجی‌ ئه‌و نه‌علانه‌ی‌ له‌پێی‌ ده‌كات كه‌ بنێكی‌ ئه‌ستووری‌ هه‌یه‌ و شوێنی‌ هه‌یه‌ بۆ شاردنه‌وه‌، حه‌به‌كانی‌ تیادا حه‌شارداوه‌، توانیمان ده‌ست به‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و حه‌بانه‌دا بگرین كه‌ بۆ مێرده‌كه‌ی‌ هێنابوو كه‌ نزیكه‌ی‌ (600) تا (700) حه‌ب بوو".
به‌پێی‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ چاكسازی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ڕونیشیكردۆته‌وه‌: "حه‌به‌كه‌ش حیساب ده‌كرێت به‌ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌یخوات بێهۆش ده‌بێت".
ئاشكراشیكرد: دوای‌ ده‌ستگیركردنی‌ خێزانی‌ سزادراوه‌كه‌، ڕووبه‌ڕووی‌ دادگامان كردۆته‌وه‌ و ئێستا له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌.

fr.. Xendan

باشترین خزمەتگوزاری لە بواری تەندروستی دا