چاپکردن

لە هەولێر، سلێمانی و دهۆك ساڵانە 70 ملیۆن دۆلار بە جگەرە دەسووتێت

بە پێی ئامارێكی نافەرمی كە لە بازاڕەكانی هەرێمەوە دەست \"هەولێر\" كەوتووە، لە هەرێمی كوردستاندا ساڵانە بایی نزیكەی 70 ملیۆن دۆلار جگەرە دەفرۆشرێت، لەلایەكی دیكەوە ئامارەكی کۆمەڵەی نەهێشتنی جگەرەکێشان ئەوە دەخاتە ڕوو كە لە هەرێمی کوردستاندا 35 تا 40%ـی هاووڵاتیان جگەرە دەکێشن.

پاكەتی جگەرە لە 500 تا 6 هەزار دینارە
لە مێرمنداڵێكی 12 ساڵانەوە بگرە تا پیرێكی 70 ساڵان دووكەڵ بە با دەكەن. ئەمە بازاڕێكی گەورەی بۆ جگەرە لە هەرێمدا خولقاندووە كە نرخی پاكەتی جگەرە لە 500 تا 6 هەزار دینار دەبێت.



لە نێو بازاڕی جگەرەفرۆشانی هەولێر عەبدولواحید محەممەدی فرۆشیار كە بە كۆمەڵ جگەرە دەفرۆشێت، ئاشكرای دەكات كە ئێستا تازەپێگەییشتووان و گەنجان زیاتر ڕوویان لە جگەرەكێشان كردووە، ئەو دەڵێت: “بازاڕی جگەرە لە هەولێر ئەوەندە گەرمە كە ڕۆژانە هەزار كارتۆن بە هەموو جۆرەكانییەوە تەنیا لەو شارەدا دەفرۆشرێت.”
یەكێك لەو كەسانەی بازاڕ جگەرە دەبووژێنێتەوە، سەمیر سەردارە كە زیاتر لە 10 ساڵە جگەرە دەكێشێت، ئەو دەڵێت \"لە كاتی هەبوونی دڵەڕاوكێ و خەمدا زیاتر جگەرە دەكێشم.\"

بە گوتەی پسپۆڕانی تەندروستی، هەموو ئەو كەسانەی جگەرە دەكێشن، بە هۆی نیكۆتینی نێو جگەرەوە ئاڵوودە دەبن و ئەو ماددەیە وایان لێ دەكات، زیاتر داوای جگەرە بكەن و لە كاتی لێبڕانیدا هەست بە دڵەڕاوكێ بكەن، هەر بۆیە كاتێك جگەرەیەك دادەگیرسێنن و نیكۆتینیان بە لەشی دەگات، هەست بە ئارامی دەكەن

بە گوێرەی ئاماری کۆمەڵەی نەهێشتنی جگەرەکێشان، لە هەرێمی کوردستاندا 35 تا 40%ـی هاووڵاتیان جگەرە دەکێشن و هەر بۆیەیش بە پێویستی دەزانن باجی زۆر بخریتە‌ سەر جگەرە.

یاسای‌ بەرەنگاربوونەوەی‌ جگەرەكێشان
پەرلەمانی‌ كوردستان بە پێی‌ بڕگەی‌ 2ـی‌ ماددەی‌ پێنجەمی‌ یاسای‌ ژمارە 31ـی‌ ساڵی‌ 2007 بڕیاری بەرەنگاربوونەوەی‌ جگەرەكێشانی دا و کێشانی جگەرەیشی لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغە کرد، لە خاڵی دووەمی ماددەی پێنجەمی یاساکەدا هاتووە كە لەسەر پاکەتی جگەرە بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی ئاگادارکردنەوەی تەندروستی بنووسرێت

ئەگەرچی لە شوێنە گشتییەکانی وەک ناو پاس و بەشێک لە دامودەستگە حکوومییەکان رەچاوی ئەم یاسایە دەکرێت، بەڵام زۆربەی بڕگەکانی یاساکە تا ئێستا نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت.
گوتەبیژی وەزارەتی تەندروستی دكتۆر خاڵس قادر ئاشكرای دەكات كە جگەرە جۆری باشی نییە و هەموویان لە هەبوونی زۆربەی ماددە زیانبەخشەكاندا هاوبەشن.

تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا، هەر بازرگانێك بییەوێت جگەرە هاوردە بكات، ئازادە و تا ئێستایش لە بەڕێوەبەرایەتیی هەناردە و هاوردەی وەزارەتی بازرگانییدا هیچ داتایەكی ئەوتۆ نییە كە بزانرێت ڕۆژانە و مانگانە بایی چەند جگەرە هاوردە دەكرێت، بەڵكوو كاری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە تەنیا مۆڵەتپێدانە و لە مۆڵەتەكەیشدا ئاماژە دەدرێت كە بایی چەند ملیارد دینار جگەرە هاوردەی هەرێم دەكرێت و ئەو مۆڵەتەیش بۆ ماوەی شەش مانگ بە كۆمپانیایەكە دەدرێت.

ئاماری گیانلەدەستدان بە هۆی جگەرەوە
هەرچەندە لە زۆربەی وڵاتاندا ئاماری گیانلەدەستدان بە هۆی جگەرەكێشانەوە، تۆمار دەكرێن، تاكوو بكرێتە هۆشدارییەك و ڕێسا و یاسای توندوتۆڵ بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی جگەرە ئامادە بكرێت، بەڵام سەرچاوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی ئاشكرای دەكات كە تا ئێستا ئامارێكی ئەوتۆ لە بەردەستدا نییە و ئەو كەسانەیش كە بەهۆی جگەرەكێشانەوە لە هەرێمدا گیانیان لە دەست داوە، بە نەخۆشیی سینگ تۆمار كراون.

لە مانگی پێشوودا بەپێی‌ ڕاپرسییەكی‌ ڕێكخراوی‌ ژیانی‌ تەندروستی‌ دەركەوتووەكە 32 %ـی پزیشكان و 3%ـی زانایانی‌ ئایینی‌ و 18%ـی ژنان لە هەرێمی‌ كوردستان جگەر كێشن.

دواڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی
بە گوێرەی دواڕاپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە جیهاندا ساڵانە 5 ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەوە گیان لە دەست دەدەن و 600 هەزار کەسی دیکەیش کە جگەرەکێش نین، بەهۆی هەڵمژینی ناڕاستەوخۆی دووکەڵەوە دەبنە قوربانی. و پێشبینیی دەكرێت، ئەم ڕێژەیە تا ساڵی‌ 2020 بگاتە 10 ملیۆن كەس لە جیهاندا.

-هەولێر

باشترین خزمەتگوزاری لە بواری تەندروستی دا