چاپکردن

كوردستان، هه‌رێمێكی جگه‌ره‌كێش

زۆربه‌ی كاته‌كان هاوڕێی دووكه‌ڵ و بۆنی ناخۆشی جگه‌ره‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئه‌و هه‌موو زه‌ره‌ر و زیانانه‌ی له‌ جگه‌ره‌ كێشان ده‌كه‌ونه‌وه‌ و به‌جۆرێك كه‌ ڕۆژانه‌ له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا هه‌زاران كه‌س ده‌بنه‌ قوربانی.
ئه‌و مه‌ترسیانه‌ وایانكرد كه‌ له‌ ئاستی جیهانیدا ڕۆژی‌ 31ی‌ ئایاری هه‌موو ساڵێك، به‌ ڕۆژی‌ جیهانی‌ وازهێنانی‌ جگه‌ره‌ كێشان بناسرێت.
له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشدا وه‌ك چۆن چه‌ندان جگه‌ره‌كێشی تێدایه‌، ئه‌وا كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌تیش هه‌یه‌ بۆ هاندانی وازهێنان له‌ جگه‌ره‌، به‌ڵام چالاكییه‌كانی له‌ئاستی پێویستدا نییه‌، به‌ پێی‌ به‌راوردكاریی و ئاماره‌كانیش ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌كارهێنه‌رانی‌ جگه‌ره‌ له‌ زیادبووندایه‌.



جگه‌ره‌
هیندییه‌كانی‌ هه‌ردوو ئه‌مه‌ریكای‌ باكوور و ئه‌مه‌ریكای‌ باشوور یه‌كه‌مین نه‌ته‌وه‌بوون توتنیان چاندووه‌ و هیندییه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكای‌ باكوور له‌ زۆربه‌ی‌ ئاهه‌نگ و بۆنه‌كانیاندا توتنیان به‌كارده‌هینا ته‌نانه‌ت زورێك له‌ هیندیه‌ سوره‌كان باوه‌ڕیانوابوو كه‌ توتن تایبه‌تمه‌ندی‌ باشی‌ هه‌یه‌
له‌سه‌ره‌تاوه‌ كاتێك توتن ده‌گه‌یشته‌ وڵاته‌كانیان بڕیاری‌ جگه‌ره‌ كیشانیان نه‌دا، توركه‌كان سزای‌ مه‌رگیان به‌سه‌ر هه‌موو كه‌سێكدا ده‌سه‌پاند كه‌ جگه‌ره‌ بكێشیت، قه‌یسه‌ری‌ ڕوسیاش فه‌رمانی‌ داركاری‌ و دورخستنه‌وه‌ی جگه‌ره‌كێشانیدا، به‌ڵام ئه‌و سێبه‌ری مه‌رگه‌ (جگه‌ره‌) به‌جیهاندا ته‌شه‌نه‌ی كرد و ئێستا بازرگانی گه‌وره‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

یاسا كارپێنه‌كراوه‌كه‌
هه‌رچه‌نده‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و له‌ خولی‌ دووه‌میدا یاسای‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ جگه‌ره‌كێشانی‌ په‌سه‌ندكرد به‌ پێی‌ بڕگه‌ی‌ 2ی‌ یه‌كه‌م له‌ ماده‌ی‌ پێنجه‌می‌ یاسای‌ ژماره‌ (31)ی‌ ساڵی‌ 2007 به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ جگه‌ره‌كێشانیدا و سزای‌ دارایی‌ بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك دیاریكرد ئه‌گه‌ر له‌ داموده‌زگا حكومییه‌كاندا جگه‌ره‌ بكێشێت و له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان جگه‌ره‌ی قه‌ده‌غه‌كرد، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ به‌ فه‌رامۆشكراوی ماوه‌ته‌وه‌ و وه‌ك پێویست به‌دواداچوونی بۆ نه‌كراوه‌.
له‌ به‌رده‌م چایخانه‌ی‌ شه‌عب له‌ شاری‌ سلێمانی‌ كه‌ ئه‌و نێوه‌نده‌ ڕۆژانه‌ ده‌بێته‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ هاوڵاتیان، له‌ كاتی‌ داگیرساندنی‌ جگه‌ره‌كه‌یدا ڕێگر عوسمان ته‌مه‌ن 23 ساڵمان دواند وه‌ك له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئاماژه‌ی‌ پێدا كه‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ 18 ساڵیه‌وه‌ جگه‌ره‌ ده‌كێشێت ئێستاش خۆی نازانێت بۆ چی جگه‌ره‌ ده‌كێشێت، به‌ڵام نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ به‌لایه‌وه‌ قورسه‌ ته‌ركی بكات، ڕێگر باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "هۆكارێكیش نه‌بووه‌ بۆ فێربوونی جگه‌ره‌كێشان"، به‌ڵام وتی: "به‌چاولێكه‌ری فێربووم و ئێستا په‌شیمانم".

هه‌رزانی نرخ
هۆكارێكی سه‌ره‌كی جگه‌ره‌كێشان له‌ كوردستان هه‌رزانی نرخ و ئاسان ده‌ستكه‌وتنیه‌تی، كه‌م دوكان و ماركێت هه‌یه‌ جگه‌ره‌ی تێدا نه‌بێت، بازرگانێكی جگه‌ره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات سانسۆرێكی‌ ئه‌وتۆ له‌سه‌ر جۆری‌ جگه‌ره‌ و توتنه‌كان نییه‌ كه‌ دێنه‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، دڵشاد غه‌فوور وتی‌: "ساڵانه‌ بڕێكی‌ زۆر جگه‌ره‌ دێته‌ شاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ به‌شێوه‌ی‌ كۆ له‌ بازاڕه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ كه‌ تایبه‌ت به‌ بازاڕی‌ جگه‌ره‌كه‌ له‌ سلێمانی‌ ده‌فرۆشرێته‌وه‌، ئه‌و خاوه‌ن دوكانی‌ جگه‌ره‌ فرۆشتنه‌ هێمای‌ به‌وه‌دا كه‌ "له‌ ئێستادا به‌ هۆی‌ گرانی‌ نرخی‌ توتن به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپاوه‌ داوایه‌كی‌ زۆر ئه‌و هاوڵاتییه‌ كوردانه‌ی‌ ئه‌وروپاش زیادبووه‌ لێره‌وه‌ بۆیان ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت"، دڵشاد نكوڵی‌ له‌ زیانه‌كانی‌ جگه‌ره‌ نه‌كرد و هۆشداری‌ ئه‌وه‌شیدا گه‌ربێت و سانسۆرێكی‌ ئه‌وتۆ نه‌بێت خراپترین جۆره‌كانی‌ جگه‌ره‌ و توتن له‌ كوردستاندا ساغده‌كرێته‌وه‌.

هۆشیاری‌ نییه‌
مامۆستا دیار حه‌مه‌ عه‌لی‌ له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی‌ شاری‌ سلێمانی‌ كارده‌كات كه‌ فه‌رمانگه‌كه‌شی‌ ناسراوه‌، به‌ڵام به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌یكرد كه‌ "به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌كه‌ی له‌ناو ژووره‌كه‌یدا ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ یه‌ك پاكه‌ت جگه‌ره‌ ده‌كێشێت و كه‌سیش نییه‌ غه‌رامه‌ی بكات و به‌یاساكه‌ی په‌رله‌مان لێچێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكات"، بۆیه‌ وتی: "ئه‌و به‌رپرسه‌ به‌ئاشكرا ئه‌وه‌ بكات، ئیتر چۆن فه‌رمانبه‌ره‌كانیش جگه‌ره‌ ناكیێشن". بۆیه‌ ئه‌و مامۆستایه‌ پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر به‌مجۆره‌ یاساكه‌ جێبه‌جێبكرێت ئه‌وا ئاسان بنبڕ ناكرێت و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر به‌رپرسێك له‌سه‌ر جگه‌ره‌كێشان غه‌رامه‌كرا ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ ده‌بێته‌ هه‌واڵی‌ ڕۆژنامه‌یه‌ك"، به‌ڵام به‌پێكه‌نینه‌وه‌ وتی: "جارێ زووه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ له‌ كوردستان بڵاوبكرێته‌وه‌".
به‌ڕای‌ چرۆی فه‌رمانبه‌ریش "هۆشیاری‌ هاوڵاتیان به‌تایبه‌ت پیاوان باشتربووه‌ ئێستا كه‌متر له‌ شوێنه‌ گشتییه‌كان جگه‌ره‌ ده‌كێشن"، وتیشی: "سایه‌قی‌ پاس به‌ گه‌وره‌یی‌ نووسیوێتی‌ تكایه‌ جگه‌ره‌ مه‌كێشه‌، به‌ڵام خۆی‌ ناگرێته‌وه‌ و به‌به‌رچاوی نه‌فه‌ره‌وه‌ جگه‌ره‌ ده‌كێشێت". بۆیه‌ پرسی هاوڵاتی له‌وكاته‌دا "شكات له‌لای كێ بكات؟ كێ ئه‌و كه‌سه‌ سزا ده‌دات".

هه‌ڵمه‌ته‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن
به‌ڕێوه‌به‌رێتی‌ خۆپاراستنی‌ ته‌ندروستی‌ سلێمانیش هه‌ڵمه‌تێكی‌ گه‌وره‌ دژ به‌ جگه‌ره‌كێشان ده‌ستپێكردووه‌ و ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ ده‌خایه‌نێت.
به‌وته‌ی د.فه‌ره‌یدون فه‌همی‌ ئه‌سكه‌نده‌ر له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌، "هه‌فته‌ی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ جگه‌ره‌كێشان كه‌ 31-5 ده‌ستیپێكردووه‌ و به‌و ئامانجه‌ی هۆشیاری‌ ته‌ندروستی‌ بۆ كۆمه‌ڵگا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، تاكو بتوانرێت ساڵانه‌ ڕێژه‌ی‌ تووشبووان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌". وتیشی: "پێشتر 4 خول كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ كه‌ تایبه‌تبوون به‌ (هۆشیاری‌ ته‌ندروستی)‌ بۆ مامۆستایانی‌ ئاینی، مامۆستایانی‌ قوتابخانه‌كان، توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، دواتر كردنه‌وه‌ی‌ خول بۆ كارمه‌ندانی‌ ته‌ندروستی".
به‌پێی‌ ڕاپۆرتێكی‌ ڕێكخراوی‌ ته‌ندروستی‌ جیهانی ساڵانه‌ 5 ملیۆن كه‌س به‌هۆی‌ ژه‌هری‌ جگه‌ره‌وه‌ گیان له‌ ده‌ستده‌ده‌ن، جگه‌ره‌كێشێك (400) جۆر گازی‌ ژه‌هراوی‌ ده‌كاته‌ ژوور و ماڵ و ژینگه‌وه‌.

هه‌رێمێكی جگه‌ره‌كێش
هه‌روه‌ك به‌ پێی‌ ئه‌و زانیاری و ئامارانه‌ی ده‌ست ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ كه‌وتووه‌، 40%ی‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جگه‌ره‌ ده‌كێشن، له‌و ڕێژه‌یه‌ش، 7% ژنان ‌و 21% كوڕان ‌و 12% كچان به‌تایبه‌ت خوێندكارانی‌ زانكۆ ‌و په‌یمانگاكان، 27%ی‌ پزیشكه‌كانیش جگه‌ره‌ده‌كێشن.
دكتۆر سه‌ڵاح مه‌حمود پسپۆڕی‌ تایبه‌تی‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ سنگ، سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ جگه‌ره‌كێشان وتی: "نیكۆتین زیانێكی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر دڵ و سووڕی‌ خوێن له‌ناو له‌شدا، ئه‌و ماده‌یه‌ش زۆر ترسناكه‌ و له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی‌ زانستی‌ بڕی‌ ئه‌م مادده‌یه‌ له‌ 20 جگه‌ره‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی‌ ده‌رزی‌ بدرێت به‌ یه‌كجار له‌ سمته‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ مردنی‌ كتوپڕی‌ كه‌سه‌كه‌".
ئه‌و پسپۆڕه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ جگه‌ره‌كێشان ده‌بێته‌ هۆی‌ تێكدانی‌ ڕه‌وشت و ڕه‌فتاری‌ كه‌سی‌ تووشبوو به‌م كێشه‌یه‌ و ژیانی‌ ڕۆژانه‌ی‌ ده‌گۆڕێت به‌ره‌و نائارامی‌ ده‌بات به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێته‌ كه‌سێكی‌ تووڕه‌ تووشی‌ دڵه‌ڕاوكێ ده‌بێت ئه‌گه‌ر دوورخرایه‌وه‌ له‌ جگه‌ره‌كانی‌ بۆ هه‌ر هۆكارێك وه‌كو ڕۆژووگرتن یان به‌ فه‌رمانی‌ پزیشك یان نه‌بوونی‌ پاره‌ بۆ كڕینی‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ كه‌موكوڕی‌ له‌ ویست و ڕه‌فتاری‌ ڕۆژانه‌ی‌ و ته‌ندروستی‌ گشتی‌ له‌شی‌ تێكده‌دات كه‌ زۆر كات وه‌ستان له‌ قۆناغێكی‌ زۆردا ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ تووشبوونی‌ لاوان به‌ نه‌خۆشی‌ سیل و نه‌خۆشییه‌كانی‌ دڵ وه‌كو نه‌خۆشی‌ دڵه‌كوتێ و دڵ لێدان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕێك.
گرنگترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م كێشه‌ ترسناكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت كه‌سی‌ تووشبوو باوه‌ڕبكات به‌ زیانبه‌خشی‌ جگه‌ره‌ و هوشیاربكرێته‌وه‌ یاخود هه‌میشه‌ به‌ كارێكه‌وه‌ سه‌رقاڵ بێت كه‌ ئه‌مه‌شی‌ به‌ دوورزانی‌ كه‌ كارێكی‌ وا ئاسان بێت، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی‌ پێدا له‌ زۆركه‌سدا بۆته‌ گرفتێكی‌ ده‌روونی‌ ئاڵۆزی‌ گه‌وره‌.


Fr. Xendan

باشترین خزمەتگوزاری لە بواری تەندروستی دا