چاپکردن

یه‌كێتی زانایانی‌ ئایینی‌ هه‌ڵمه‌تێك بۆ نه‌هێشتنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئه‌نجام ده‌دات

به‌بۆنه‌ی‌ هاتنی رۆژی نه‌هێشتنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، یه‌كێتی زانایانی‌ ئایینی ئیسلامی كوردستان له‌ هۆڵی زانایان له‌ هه‌ولێر هه‌ڵسا به‌ سازدانی‌ كۆڕێكی به‌رفراوان بۆ ژماره‌یه‌ك له‌ وتاربێژانی شاری‌ هه‌ولێر، كه‌ له‌ كۆڕه‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ فه‌رسه‌ت دۆڵه‌مه‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی نه‌هێشتنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان‌و عه‌بدولڕه‌حمان سدیق سه‌رۆكی سه‌نته‌ری‌ پرد بۆ توێژینه‌وه‌ ئاماده‌ی‌ بوون بوون.


له‌ سه‌ره‌تای‌ گفتوگۆكاندا سه‌رۆكی سه‌نته‌ری‌ پرد تیشكی خسته‌ سه‌ر پێناسه‌‌و جۆره‌كانی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان‌و چۆنیه‌تی توشبوون به‌و مادانه‌‌و زیانه‌كانی‌، كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووری‌‌و ته‌ندروستی‌و سیاسی زیانی زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و سه‌رجه‌م جه‌ماوه‌ره‌ پێكه‌وه‌ به‌ره‌نگاری‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ ببنه‌وه‌.
پاشان هاته‌ سه‌ر رۆڵی زانایانی ئایینی له‌و لایه‌نه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌وان چینێكی زۆر كاریگه‌ری‌ ناو كۆمه‌ڵگان‌و پێویسته‌ رۆڵی مه‌زن ببینن.
فه‌رسه‌ت دۆڵه‌مه‌ری‌ باسی ئه‌و دیارده‌یه‌ی‌ له‌ كوردستان كرد، كه‌ ئێستا ئه‌و حاڵه‌ته‌ هه‌یه‌‌و زیاتریش له‌وانه‌یه‌ كه‌ له‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ ژیاون ‌و، زۆریش هه‌وڵ درا كوردستان بكرێته‌ پردێك بۆ په‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئێمه‌ توانیمان كۆنتڕۆڵی بكه‌ین.
دۆڵه‌مه‌ری له‌ درێژه‌ی‌ وته‌كه‌یدا وتی: "ئێستا له‌ كوردستان نزیكه‌ی‌ (1500) كه‌س گیرۆده‌ی‌ خواردنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بوون، كه‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ پێویستی به‌ هاوكاری‌ هه‌موو لایه‌كه‌ له‌ خانه‌واده‌‌و زانایان‌و ته‌واوی‌ پێكهاته‌كانی‌ كوردستان".
وتیشی‌: "له‌ناو ئه‌وانه‌دا زۆریان له‌ رێگه‌ی‌ چاكسازییه‌وه‌ چاك بوونه‌ته‌وه‌‌و ئێستا وه‌ك مرۆڤێكی ئاسایی كاره‌كانی‌ خۆیان ده‌كه‌ن".
ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ ئێستا له‌ كوردستاندا (152) كه‌سی به‌ندكراو به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانمان هه‌یه‌‌و، له‌وانه‌ (28) كه‌سیان به‌ندكراوی یه‌كجارین".
دۆڵه‌مه‌ری‌ رایگه‌یاند: مه‌سه‌له‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئه‌وه‌نده‌ ترسناكه‌، كه‌ هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ تیرۆر‌و ته‌قاندنه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌توانین ناوی بنێین: تیرۆری‌ له‌سه‌ره‌خۆ.
له‌ كۆتاییشدا مامۆستایانی ئاماده‌ بوو داوایان كرد، هه‌ر له‌ درێژه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان سنوورێك بۆ فرۆشتن‌و خواردنه‌وه‌ی‌ ماده‌ كحولیه‌كان له‌ كوردستان دابنرێت، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ تووشی خواردنی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌بن، سه‌ره‌تاكه‌یان له‌ ماده‌ كحولیه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات.
هه‌روه‌ها داوا له‌ وتاربێژانی كوردستان كرا، كه‌ هه‌موویان له‌ وتاری‌ هه‌ینی به‌یانیدا وه‌ك هه‌ڵمه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان وتار بده‌ن‌و وشیاری‌ له‌ زیان‌و مه‌ترسی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ به‌ هاووڵاتیان رابگه‌یه‌نن.



fr. Xendan

باشترین خزمەتگوزاری لە بواری تەندروستی دا