چاپکردن

ئێران، یه‌كه‌مین به‌كارهێنه‌ری ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌جیهاندا

(محه‌مه‌د شیری فرای) به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی په‌روه‌رده‌ی هێزه‌ نیزامییه‌كان له‌ئازه‌ربایجانی خۆرهه‌ڵاتی ئێران، سه‌باره‌ت به‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی ده‌ڵێت، ئێران له‌ئێستادا یه‌كه‌مین به‌كارهێنه‌ری ماده‌ی هۆشبه‌ره‌ له‌جیهاندا.ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ڕێگه‌گرتن له‌به‌ركارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر، گرنگترین باسه‌كانی به‌رپرسانی ئێرانه‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌میشه‌ هۆشداری ده‌ده‌نه‌ هاوڵاتییان‌و ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه‌، هاوكات به‌پێی ڕاپۆرتێكی ساڵی (2008)ی نوسینگه‌ی كۆنترۆڵكردنی ماده‌ی هۆشبه‌ر‌و تاوان له‌ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، (3%)ی خه‌ڵكی ئێران له‌ته‌مه‌نی (15 بۆ 64) ساڵیدا ماده‌ی هۆشبه‌ر به‌كار ده‌هێنن، كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین ڕێژه‌ی به‌كارهێنه‌رانی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌ له‌جیهاندا.

زۆرێك له‌شاره‌زایانی بواری شیكردنه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌و بڕوایه‌دان، ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانی وه‌ك (ئێكس، شوشه‌‌و ئال. ئێس. دی) به‌هۆی هه‌رزانی له‌نرخ‌و ده‌ستكه‌وتنی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسان بۆ هاوڵاتییان، هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووه‌ بۆ زیاتر به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و سێ ماده‌یه‌ جێگه‌ی (تریاك)ی گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ربڵاوترین ماده‌ی هۆشبه‌ره‌ له‌جیهاندا.

(هادی شاكر) پزیشكی توێژینه‌وه‌ له‌ماده‌ی هۆشبه‌ره‌كان، له‌چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (بی بی سی)دا ده‌رباره‌ی زیادبوونی به‌كارهێنه‌رانی ماده‌ی هۆشبه‌ر، وتی:"زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر به‌كارده‌هێنن، له‌و بڕوایه‌دان كه‌ به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر ناتوانێت ئالووده‌یان بكات‌و پێیان وایه‌ به‌كارهێنانی یه‌ك جۆر ماده‌ی هۆشبه‌ر شتێكی ئاساییه‌، به‌ڵام له‌كۆتاییدا ورده‌ ورده‌ هه‌ست ده‌كات كه‌ ئالووده‌ی ئه‌و ماده‌یه‌ بووه‌‌و حه‌ز ده‌كات به‌رده‌وام به‌كاری بهێنێت، چونكه‌ پێی وایه‌ بۆ زیاتركردنی هه‌سته‌كانی ده‌بێت به‌كاری بهێنێت".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هۆكارێكی دیكه‌ی به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر، به‌بڕوای به‌كارهێنه‌ره‌كه‌ی گه‌یاندنی خۆشییه‌، وتیشی:"هه‌ندێك له‌به‌ركاهێنه‌ران پێیان وایه‌ به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر سه‌رتاپای ژیانیان ده‌گۆڕێت، بۆیه‌ ماده‌ی هۆشبه‌ر وه‌ك ده‌رمانێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی خۆشی‌و شادمانی ژیان به‌كار ده‌هێنن".

(هادی شاكر) باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ركاتێك ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان به‌ئاسانی گه‌یشته‌ ده‌ستی هاوڵاتیان‌و له‌نرخدا هه‌رزانتر بن، ئاڕاسته‌كانی به‌كارهێنه‌ران به‌ره‌و خراپتر ده‌بات‌و زیانی زیاتر به‌ به‌كارهێنه‌رانی ده‌گه‌یه‌نێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بێجگه‌ له‌ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان، به‌كارهێنانی ده‌رمانی (ئیسیتامینوفین كۆدیین) یا (شه‌ربه‌تی سینه‌ كۆدیین دار) ئه‌ژمار بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین به‌بێ ئاگاداری پزیشك‌و به‌بێ بوونی مه‌رجی ته‌ندروستی كه‌سانێكی زۆر به‌كاری ده‌هێنن، ئه‌مه‌ش له‌كاتی ئاماره‌ پزیشكییه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو، ڕێژه‌یه‌كی زۆر تۆمار ده‌كات.

له‌لایه‌ی دیكه‌وه‌، (سه‌عید په‌یوه‌ندی) مامۆستای كۆمه‌ڵناسی له‌زانكۆی پاریس له‌فه‌ره‌نسا ڕایگه‌یاند، زۆریی به‌كارهێنه‌رانی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌ئێران، به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیای وڵاته‌كه‌وه‌یه‌، ناوبراو وتی:"ئێران یه‌كه‌مین ڕێگه‌ی ستراتیژی بازرگانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌، كه‌ له‌ (ئه‌فغانستان‌و پاكستان)ه‌وه‌ بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌گوازرێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌پێی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی ناوچه‌كه‌، له‌ئێران ئه‌و ماده‌یه‌ هه‌رزانتره‌ له‌وڵاتانی دیكه‌، بۆیه‌ به‌كارهێنه‌رانیشی له‌ئێراندا زیاتر ده‌بن".
هێمای به‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌به‌كارهێنه‌رانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان بكه‌ین به‌پێی كۆمه‌ڵگه‌كان، هاوكات پێویسته‌ هۆكاری ئالووده‌بوونی ئه‌و كه‌سانه‌ دیاری بكرێت، ئاخۆ بۆچی ئالووده‌ بوون به‌و مادانه‌وه‌؟ به‌تایبه‌ت له‌ئێراندا پێویسته‌ ئالووده‌بووان دیاری بكرێن‌و بزانرێت به‌پێی ته‌مه‌نه‌كانیان‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی به‌كارهێنان‌و ئاڵووده‌ بوونیان به‌ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌.

هاوكات (ئیسماعیل ئه‌حمه‌دی موقه‌ده‌م) به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ئێران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یدا به‌ئه‌نجامدانی زیاتر له‌ (700) حه‌وتسه‌د به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی‌و ڕادیۆیی، له‌سه‌ر زیانی به‌كارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر‌و هۆكاره‌كانی له‌ساڵی ڕابردوودا، وتیشی:"هه‌رچه‌ندێك له‌باره‌ی ماده‌ هۆشبه‌ركان‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئاڵووده‌ی بوون بڵێین هێشتا كه‌مه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئێمه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان بدۆزینه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك پێویسته‌ یه‌كه‌مجار گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووری‌و سیاسیه‌كان له‌ئێراندا كه‌م بكه‌ینه‌وه‌".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ئێستادا نزیكه‌ی (8.000.000) هه‌شت ملیۆن كه‌س له‌ئێران به‌ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ئالووده‌بوون، ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ (1%) ئالووده‌بووان له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا له‌ئێران كه‌مبووه‌ته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ زۆربوون‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ئێران قسه‌‌و باسی زۆری له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان‌و به‌كارهێنانی له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌، هه‌میشه‌ باس‌و خواستی شاره‌زایان‌و به‌رپرسان بووه‌‌و سه‌رجه‌میان له‌وباره‌یه‌وه‌ یه‌ك بۆچوونیان هه‌یه‌.


fr.. radio nawxo

باشترین خزمەتگوزاری لە بواری تەندروستی دا